پاش زیاتر لە 6 مانگ فرتوفێڵ وخۆدزینەوە لە ئاشکراکردنى بکوژانى " رۆژنامەنوس سەردەشت عوسمان" بەدەستى جەلادەکانى حیزب و بنەماڵە ، لەسیناریۆیەکى گەم ژانەدا کە پاراستن بۆلیژنەى بەناو لێکۆلینەوەکەى رێکخستوە، شەهید سەردەشتى رۆژنامەنوسیان بە تێرۆریست ناساند و لەبرى دروستکردنى سیناریویەکى کەمتر گوماناوى ،دەزگاى پاراستن کە خۆى بە دەزگایەکى سیخورو شارەزائەزانێت لە داتاشینى سیناریو و تۆمەتهەڵبەستن، ئەمجارەش روى رەش و تاوانکاریانەى بۆ تەواوى خەڵکى کوردستان و تەواوى رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان ئاشکرابوو لە دروست کردنى سیناریویەکى ساویلکانە و تێوەگلانى بە تێرۆرکردنى رۆژنامەنوس و خوێندکارى لاو سەردەشت عوسمان.
ویست و رەهەندەکانى و دەزگا دادوەرى و سیخوریەکانى پارتى لە تاوانبارکردنى شەهیدى قەڵەم سەردەشت زۆرن ،ئەوان بە هێنانە سەرشاشەى کەسێک کە دورونزیک پەیوەندى بە کەیسى تێرۆرى سەردەشتەوەنیە ،جارێکیتر سەلماندیان کە هەرخۆیان بکوژو رفێنەرى سەردەشتن و لەسەر ئەو نوسین و رەخنانە تێرۆریانکرد کە لەبارەى بنەماڵە و خانەوادەى بارزانیەوە نوسیونى،بەڵام پارتى بۆ کاڵکردنەوەى گومان و ونکردنى بکوژانى سەردەشت بەدەستى جەلادەکانى دەزگاى پاراستن پاش 6 مانگ سیناریویەکى قێزەون و پرلەتاوانى بۆ کەیسى تێرۆرى سەردەشت دارشتوو، لە راپۆرتێکى پر لە درۆ و هەڵبەستراودا دەستى تێرۆرى خۆیانى ئاشکراکرد. ئاخر بە کامە مەنتیق خۆێندکارێکى وریا و رۆشنبیر و رۆژنامەنوسێکى رەخەگرى وەک سەردەشت ئامادەیە کاربکات لەگەڵ گروپێکى تێرۆریستى ئیسلامى؟؟؟ بۆچ مەبەستێک؟ بۆ کامە ئامانج و لە پێناوى چیدا؟ لەکاتێکدا هەم سەردەشت و هەم خانەوادەکەى هەڵگرى بیرى چەپن و ساڵەهایە لە بزوتنەوى چەپدا خەباتى ئینسانى خۆیان درێژەپێئەدەن، ئەم تاوانبارکردنەى پارتى جگەلەوەى کە مەترسیەکى گەورەیە بۆسەر ژیانى خانەوادەکەى، تاوانێکى قێزەونە بەرامبەرکەسایەتى مەعنەوى کاکە سەردەشت و لەکەدارکردنى مێژوى کەسایەتى و ناو ناوبانگى خۆى و خێزانەکەى، پارتى لە رێگەى داتاشینى سیناریویەکى وەهاوە ئەیەوێت هەم لە کەسایەتى مەعنەوى شەهید سەردەشت بدات کە تەواوى هاورێ خوێندکارو مامۆستاو خەڵکى کوردستان ئەزانن کە خاوەن چ کەسایەت و کار و بیرکردنەوەیەک بووە، وەهەم ئەیەوێت تاوانبارانى سەردەشت بەجۆرێک ونبکات کە ئاسان کار بۆ دۆزینەوەو قسەلەسەرکردنى نەکرێت،وە سەپاندنى ئەم تاوانە بەسەر گروپێکى ئیسلامى تێرۆریستیدا کە ویست و تواناى کوشتنى هەزارە ئینسانیان هەیە، وە رابوردویەکیان هەیە لە کارى تێرۆریستیدا ئاسانە،بەڵام بەپێچەوانەى سیتاریوکەى پارتیەوە تێرۆرکردنى رۆژنامەنوس سەردەشت عوسمان کارى گروپێکى تێرۆریستى وەک (ئەنسار ئیسلام) نیە،بەدەلیلى ئەوەى کە سەردەشت پێشتر بەهۆى بڵاوکردنەوى رەخنەو نوسینەکانیەوە لەسەر خێزانى بارزانى هەرەشەى لێکراوە وە سەردەشت چەندجار تەواوى دەزگا ئەمنیەکانى پارتى لێ ئاگادارکروەتەوە، ئەمەجگە لەوەى کە کەسایەتیەکى وەک سەردەشت ئەوەندە بۆ گروپێکى وەک ئەنسار ئیسلام گرنگ نەبوە لەوکاتەدا تا هەوڵى رفاندن و کوشتنى بدەن، لەبرى سەردەشت سەدان کەسایەتى حیزبى و خێڵەکى تر لە هەولێردا هەیە کە بۆ ئەوان جێگەى بایەخبێت و بشیانەوێت هەم بارى ئاسایشى هەولێرى پێ تێکبدەن وە هەم نێوانى پارتى و حیزبەکانى تر تێکبدەن،وە بێبنەماى سیناریوکەى پارتى لەوەدایە دەرفەتى ئەوەیان بۆ پرسیار و بیرکردەوەى خەڵک نەهێشتوەتوە تا خەڵک گومانى ئەوەبکە کە رەنگە ئەمە کارى ئەوگروپە تێرۆریستیەکەبێت بۆ تێکدانى بارى ئەمنى کوردستان، لەبرى ئەمە هەرخۆیان وەڵامێکى ساویلکانەو درۆیەکى شاخداریان فێرى کاکى فیتەر (هشام محمود اسماعیل) کردوە تا رۆژنامەنوس شەهید سەردەشت بەوە تاوانباربکات کە پەیوەندى بە گروپێکى تێرۆریستى ئیسلامیەوە هەبوە و بەهۆى جێبەجێ نەکردنى فەرمانەکانى تێرۆریان کروە؟!! ئامانجێکى ترى پارتى بۆ بەتێرۆریست ناساندنى سەردەشت، رێگرتنە لەو پەیکەرە برونزیەى کە وەک سیمبولى ئازادى قەڵەم لەلایەن" کەمپینى پرۆژەى پەیکەرى ئازادى بۆ سەردەشت عوسمان" بە کۆمەکى خەڵکى ئازادیخواز لەدەرەوەو ناوەوەى کوردستان دروست کراوە، چونکە پارتى پێى وایە کە تەنها سیمبولەکانى خۆى شایان بە هەڵواسینى وێنە و پەیکەرن، جگە لەوەى کە دانانى پەیکەرى برونزى شەهیدى قەڵەم سەردەشت عوسمان لەبەردەم کۆلێجەکەى ئەبێتە چقلى چاوى پارتى و بنەماڵکەى کە لەسەر ئازادى بیرورا تێرۆریانکرد.
وە ئامانجێکى دیکەى پارتى لەداتاشینى سیناریویەکى وەها ،رێگەخۆشکردنە بۆ تێرۆرکردنى خەڵکانێکى ئازادیخواز و رەخنەگر و چەپ و لیبراڵ لەرێگەى تاانبارکردنى گروپە تێرۆریستیە ئیسلامیەکانەوە ،ئەم فێڵ و تاکتیکە نوێیەى پارتى مەترسیەکى فرەگەورەیە بۆ ژیانى هەرکەسێکى ئەم هەرێمە کە لەدەرەوەى بیرى حیزبى و خێڵەکى ئەوان بیربکاتەوە و بیەوێت لە پێناو ئازادى و عەداڵەت و کەرامەتى ئینسانەکان و خۆشگوزەرانیدا رەخنەبگرێت و بیەوێت درێژە بەجەنگى پێنوسەکان بدات و هێڵە سورەکانى ئەوان ببەزێنێت.بۆیە ئەبێت هەموو کەسێکى مرۆڤدۆست لەهەرکارو پیشەیەک و لایەنێک بەگشتى و نوسەران و رۆژنامەنوسان بەتایبەتى، وە تەواوى خەڵکى کوردستان لەدەرەوەو ناوەوە بەهەماهەنگ لەگەڵ رێکخراوە مەدەنى و مرۆڤدۆستەکانى ئەوروپاو ئەمریکا هەڵوێستى بەپەلە بنوێنن لەبەرامبەر ئەم تاوان و چەواشەکارییەدا، کە ئێمە هەرلەسەرەتاوە ئەمانزانى کە پارتى و لیژنەى لێکۆلینەوەکەى سەرقاڵى دیزەبەدەرخۆنەکردنى کەیسەکەن.لاى هەموان ئاشکرایەکە هەرەشە و دەمکوتکردن و تاوانبارکردنى رۆژنامەنوس و نوسەر و چالاکوانى سیاسى و مەدەنى لەلایەن یەکێتى و بەتایبەت پارتیەوە شتێکى تازەنیە،کەلتورى داتاشین و لغاوکردنى کەسانى رەخنەگر و نا پارتى هەرلەسەردەمى شاخەوە تا ئێستا درێژەى هەیەو یەکێک بوە لە چەکە ترسناک و گەمە ئاشکراکانى ئەوان بەرامبەر بە خەڵکى بێتاوان و بێپشت و پەنا.سەردەمێک بوو بە تاوانى تابورى 5 و بەعسى بون و یەکێتى بونى و ئیسلامى بون و بەکرێگیراوى بێگانە و دەست لەپشتى ئێران و تورکیاو تەنانەت پەکەکە بون و کۆمۆنیس بون،کەبەپێچەوانەى ئەوەوە خیانەت و دەستێکەڵکردن بۆ خۆیان و پارتەکانیان ئافەرین و کوردایەتى و ئازایەتى بوە،کەچى تەنها بۆ رەوایدا بە دژایەتى و گرتن و کوشتن و دەمکوتکردنى خەڵک لە زۆربەى خۆپێشاندانەکاندا و لە رۆژنامەو گۆڤارەکاندا نوسەر و رۆژنامەنوس تەنانەت خوێندکارى خوێندنگە و زانکۆکانیان پێ تۆمەتبارەکردن و بەعس ئاسا بێبەشیان ئەکردن لەخوێندن و بەتۆمەتى نارەوا توشى لێدان و سەرکوت بونەتەوە.بۆیە ئەم گەمەى کە پارتى و دەزگا سیخورى و دادوەرە خۆفرۆشەکانیان لەکەیسى رۆژنامەنوس سەردەشت عوسماندا کردیان، نەیەکەمینجارە وە نەبەوزوانە کۆتایپێدێت، بەڵکو ئەنجامێکى وەها زۆر چاوەروانکراوبوو، ئاخر چى چاوەروان ئەکرێت لە دەسەلاتێک تا بکوژانى سەردەشت ئاشکرا بکات لەکاتێکدا خۆى هەستاوەبە تێرۆرکردنى؟؟!! بۆیە ئەبێت کەسانى سەربەخۆ لە رۆژنامەنوس و رێکخراوە مەدەنیەکان لەگەڵ پارێزەرانى مافى مرۆڤ لە دەرەوە و ناوەوەى وڵات بەچاودێرى نەتەوەیەکگرتوەکان سەرلەنوى بەدواداچون بۆ کەیسى تێرۆرکردنى سەردەشتى رۆژنامەنوس بکەنەوە،تا بکوژانى ئازادی ریسواوبکرێن و سزاى مێژوى و یاساى و ئەخلاقى خۆیان وەرگرن و چیتر لەژێر ناوى دیموکراتیەت و ئازادیدا ،ئازادى و ئازادیخوازان بەرۆژى روناک تێرۆر نەکەن.
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق