الجمعة، 25 مارس 2011

با قەدەغەکردن قەدەغە بکرێ.

پارساڵ بەهۆى کێشمەکێشى ناشەریفانەى بزووتنەوەى گۆران و پارتى و یەکێتى لە پێش هەڵبژاردنەکانى پەرلەمانى کوردستان، کۆمەڵێک رێکخراوەى ئیسلامى داوایەکیان بۆ داخستنى یانەکانى مەیخواردنەوە و قەدەغەکردنى مەیفرۆشتن ئاراستەى دەسەڵاتە عیلمانیەکەى یەکێتى و پارتى کردو لە ئەنجامدا برایانى ئیسلامى گۆڵى خۆیان لە برایانى بەناو عیلمانى کردو سەرئەنجام بە فەرمانى هەرسێ پارێزگارەکانى هەولێر سلێمانى دهۆک ،فرۆشتن و خواردنەوە مەی قەدەغەکراو ئەمساڵیش بێ سێ و دوو ،دەروێشە عیلمانیەکانى دەسەلات چەند رۆژپێشتر بەفەرمانى رەسمى بریارەکەى پاریان زاخاوکردەوەو رۆژانەش بە لیژنە موخلیسەکانیان بەدواى سەرپێچى کەراندا ئەگەرێن و راوەدوى مەینۆشەکان ئەکەن، کۆلانەو کۆلان و نادى بەنادى هەڵوەداى پێکێک مەشروبى رۆحیانکردون. بەدەرکردنى ئەم بریارە قەرەقوشیە لەلایەن موریدەکانى ئیسلام و خوێنەوارە عەلمانیەکانەوە لەبارى ئازادى مەیخواردنەوەدا کوردستان گەرایەوە بۆ 20 ساڵ لەمەوبەر، وەک هەمیشە دەسەلاتداران و بزوتنەوە سیاسیەکان لەم هەرێمەدا بەخاترى بەرژەوەندى و قازانجە قێزەونەکانى خۆیان ساتوسەودایان بە ماف و ئازادییەکانى خەڵکەوە کردوە و لەپێناو بەرژەوەندى و سەفەقاتى سیاسى و ئابورى خۆیاندا بەکاریان هێناوە.

داخستنى شوێنەکانى مەیفرۆشى و خواردنەوە کحولیەکان بەبریارى پارێزگارە روسپیەکانى ساێمانى و هەولێر و دهۆک جگە لە تۆمارکردنى شورەییەکیتر بۆ دەسەڵاتە میزاجیەکەى یەکێتى و پارتى، دەرفەتێکیترى لەبەردەم رەوت و بزوتنەوە ئیسلامیەکاندا کردەوە و بە بیانوى رێزگرتن لە ئاینەکەیان ئازادی و مافى هەزاران خەڵکى کوردستان پێشێلکرد و بەچەندین ساڵ کوردستانیان گەراندەوە بۆ دواوە، هاوشێوەى ولاتانى ئیسلامى کیشوەرەکە فەزاى ئازادى بیروباوەریان بەرتەسک کردەوە،وە ئەیانەوێت بەزۆرى زۆردار ناچاربە ملکەچکردنمان بکەن لەبەرامبەر ئسوڵیەتى ئاینى ئیسلامداو لە خواردن و خواردنەوەى سەر ئەم زەمینە بێبەش و سنوردارمان بکەن، تەنها بەبیانوى رێزگرتن لە مانگى رەمەزان.

بریارەکەى پیاوانى دەسەلاتدارو عیلمانى سونى مەزهەب تەنها پێشێلکردنى مافى ئەوانە نیە کە مەیخواردنەوە بەلایانەوە ئارامبەخشە یان ئیلهامهێن و ئارەزوە یاخود رێگەچارەیە بۆ هەڵهاتن لەدەست نابوتى و جەنجاڵى ژیان لەم هەرێمەدا، بەڵکو بێکارکردنى هەزاران خێزان و کرێکارو فرۆشیارە کە بەدرێژاى مانگى رەمەزان دەبێت خەمى نان پەیداکردنیان بێت بۆ منداڵەکانیان ، یان لەخەمى کرێى مانگانەى دوکان و شوێنەکانیاندا توشى دەیان کێشەو بارى خراپى دەرونیبن. ئەمە جگە لە سزادانى هەزاران خەڵکى ناوەخۆى و میوانى بیانى و کەسانێکى تر کە سەر بەئاین و ئاینزایەکى ترن یان سەر بە هیچ ئاینێک نین ،ناچارکردن بە نەخواردنەوەى مەى ئەبێتە هۆى ناشرین ترکردنى سیستەمى یاساى و کۆمەڵایەتى و سیاسى ئەم هەرێمە.

برایانى ئیسلامى و رێکخراو و دەست و پێوەندەکانیان ئەرکى خۆیانە نەک فرۆشتن و خواردنەوەى مەی قەدەغە بکەن ،بەڵکو ئەوەش بەرەوا ببینن کە بەردباران و بەرشەلاقمانبدەن و بەشمشیرى ئاینەکەیان رەوانەى گۆرستانمان بکەن، بەڵام هەرگیز کارى پارت و رێکخراوێکى عیلمانى ئەوە نیە کە بە خاترى ساتو سەوداى سیاسى و مەرامى تایبەتى پارتەکەى یان گەمەی سیاسى و گاڵتەجارى هەڵبژاردن پێَچەوانەى دەستورو رێساکاى رێکخراوێکى مۆدێرن و عیلمانى بریاربدات و لە پێناو مافى ئاین و ئاینزایەک مافى زۆرێک لە ئینسانەکانى ترى ئەم کۆمەڵگا پێشێلبکات.خەجاڵەتیەکە ى دەسەڵات دارانى ئەم هەرێمە تادێت زیاتروزیاترئەبێت.ئەوەى بەرپرسەى ئەمرۆ خواردنەوەى کحولیەکان لەژێربیانوى رێزگرتن لە ئاین بەبریارێکى سیاسى قەدەغە ئەکات، هەر خۆى شەوێک نیە لەم مانگەدا مەست و حەیران نەبێت و سەرقاڵى گاڵتە و گەپ و شەوەسورەکانى خۆى نەبێت ، هەر بۆ ئەم پیاوانە کردنەوەى یانە و بارە شەخسیەکانى خۆیان رێگەپێدرا وحەڵاڵە، بەڵام بۆ کەسانێکى بێدەسەلات قەدەغەکراوەو سەرپێچەیە،بۆیە بە ناچارى دەبێت کۆلان بەکۆلان بەدواى پێکێک مەیدا گەرۆک بێت.

بۆیە من لێرەوە بانگەوازى خەڵکى ئازادیخواز و رێکخراو کەسایەتى و کرێکارانى خاوەن دوکان و یانەکانى مەیخواردنەوە ئەکەم، کە بێ هیچ ترس و شەرمێک پێکەوە بێنە مەیدان و بۆدەربرینى نارەزایەتى و هەڵوەشانەوەى ئەو بریارە بێ مانایەى دەسەلات کە لەپێناو گەمەى سیاسى و بەرژەوەندى ئەمرۆیدا شەرعیەت بە ئسوڵیەتى ئیسلامى و پێشێلکردنى ماف و بیروباوەرى تاکەکانى کۆمەڵگاو ئاینەکانى ترئەدات. بۆیە با لەمرۆوە لەبرى خۆ ئامادەکردن بۆ کرین و هەلگرتنى بیرە و ویسکى و عارەق ، بۆ رەمەزانى داهاتو وەک لەناو خەڵکە بێدەسەڵاتەکەدا مقۆمقۆى ئەو پلانەیانە، برژێینە سەر شەقامەکان و بە فشارى مه‌ده‌نى بریارى قەدەغەکردنى مەخواردنەوە قەدەغەکە بن و بلێن، با لەپێناو رێزگرتن لە ماف و بیروباوەر و ئازادییه‌کانی تاک قەدەغەکردن قەدەغە بکرێ.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق