الجمعة، 25 مارس 2011

مۆدێلێکى نوێ بۆ تێرۆرکردنى رۆژنامەنووسان و جەنگى پێنووسەکان.

سەردەمێک بوو تەنها چاوسورکردنەوەى مورید و سیخور و شوێنکەوتوانى دەسەڵات بەس بوو بۆ ترساندن و دەستبەرداربونى نووسەر و رۆژنامه‌نووسان لە کارەکانیان، بەهۆى تۆمەتبارکردنى کەسانى رەخنەگر لە سیستەمە ستەمکارى و گەندەڵەکەى پارتى و یەکێتى زۆر نووسەر و رۆژنامەنووس ناچاربەپاشەکشەکران وبەهۆى چەوسانەوەى ماددى ومەعنەوى و زۆرجار نانبرین و بێبەشکردن لە مافى کارکردن ودامەزراندن وفەرمانبەرى وسودمەندبوون لە زۆرخەڵات،بەمەش کەسانێکى زۆرى ناچارى بەپاشەکشەکرد لەناوەندى رەخنە و نووسین و رۆژنامەگەریدا، کە نەدەبوو وە نابێت لەبەرامبەر وەها هەرەشە و هەولێکدا کەسانى خەباتکارو نووسەر و رۆژنامەنووسى ئازادیخواز ناچار بەخۆگۆرینبن و لەدەست و دەم بکەون.

وەلێ ئێستا پارتە دەسەڵاتدارەکانى کوردستان پاش شکست هێنانیان لە ترساندن و تۆقاندنى دەنگ و قەڵەمى نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووسان و خەڵکانى نارازى دەستیان داوەتە مۆدێلێکیتر لە تێرۆرى بۆ دەمکوت کردن و کوشتن و ترساندنى رۆژنامه‌نووسان و خەڵکانى رەخنەگر، کە ئەویش هەر لە ژەهرخواردکردن و ئاگربەردانەماڵى رۆژنامه‌نووسانەوە دێت تا ئەگاتە گاڵتەچارى کردن بەیاسا و سیستەمى دادوەرى وە هاندانى هەواداران و بەکارهێنانى مینبەرى مزگەوت و رۆژنامەکانى سەر بەدەسەڵات دژ بە نووسه‌رو رۆژنامه‌نووس و کەسانى پارێزەر و پەرلەمانتار و چالاکوانانى مەدەنى وە تەواوى ئەو خەڵکانەى کە پەردە لەسەر ناحەقى و درۆوگەندەڵى و تاوانەکانى دەسەڵات هەڵەدەنەوە، یان کەسانێک کە تەنها وشەى" نا" لەبەرامبەر ئەواندا بەکار ئەهێنن و چیتر ملکەچى فەرمانکانیان نابن و داواى ماف و ئازادى و پێداویشتە سەرەتاییکانى خۆیان ئەکەن، هەربۆیە روبەروى مەرگ و تۆقاندن و سوکایەتى پێکردن ئەبنەوە!

دەسەڵاتێک کە هێندە ترسنۆک بێت لەبەرامبەر پێنوسەکان و هاوارى خەڵکدا بەگولە وەڵام بداتەوە ئاشکرایە کە تواناى زۆرنابات تەواوى پایەکانى ستەمکارى هەرەس دێنێت!، وەکۆتاى بە دەسەڵاتى حکومرانى دیێت،هەربۆیە لە شکست و پەلەقاژەى مەرگەوەیە کە پەنا بۆ مۆدێلێکى نوێى تێرۆرکردن ئەبات .

وەلێ سەرەراى هەموو ئەو کۆسپانەش کۆمەڵێکى زۆر لە نووسەر رۆژنامه‌نووس چالاکوانى مەدەنى هێشتاش گۆرەپانى کارى مرۆڤدۆستانەى خۆیان جێنەهێشتوە وبەردەوام سەرقاڵى پیشەو ئەرکە گرنگەکەى خۆیانن لە پێناو بەرگرى کردن لە ئازادى بیرو کارى سیاسى و مەدەنى، چونکە ئەوان پێیان وایە کارى ئینسانە مەزنەکان تەنها گوزەرکردنێکى سادە نیە بە نێو ژیاندا،بەڵکو جەنگاندنە لە پێناو جوانکردنى ژیاندا،هەربۆیە کەسانێک کە هەڵگرى چەمکى ئازادى و جەنگاندندابن لە پێناو جوانکردنى ژیاندا،هەرگیز لە هەرەشەو تێرۆرى دەسەڵات سڵناکەنەوە، نمونەى ئەو رۆژنامه‌نووس و چالاکوان و رۆژنامانە زۆرن کە هەمیشە بە نوسین وکارەکانیان وە بە بەختکردنى گیان و روحى پیرۆزیان بانگەوازئەکەن لە پێناو هێنانەدى ئامانجى مرۆڤە مەزنەکان و دروشمى ئێمە ناترسین ئەنوسین و ئازادى ئازادى ئەڵێنەوە.

بەڵام دیارترین کەسانى گیانبەختکردوو لە پێناو ئازادى کارى رۆژنامەگەرو جەنگى پێنوس دژبە تێرۆردا شەهیدانى لاوو قەڵەم بەدەست (سۆرانى مامە حەمە و سەردەشت عوسمان)ە کە جوامێرانە لە مێژوى بەشەریەت و رۆژنامەگەریدا ناوى خۆیان تۆمارکرد،بەڵام ئاوات و ئامانجى ئەوشەهیدانەو سەدان شەهیدى تر لە پێناو ئازادى و جەنگى پێنوسەکان لە بەرامبەر تێرۆریست و ستەمکاراندا نە هاتوەتە دى و هێشتاش زۆرى ماوە، ئەوان بەگیان بەختکردنى خۆیان ئەرکى ئینسانی خۆیان بەجێهێنا وە کاروانى تێکۆشانى مەدەنیانەى خۆیان بە ئێمە سپارد بۆ گەشتن بەئارمانجە پیرۆزەکانیان، بۆیە لێرەوە ئەرکى سەرەکى ئێمەیە کە بەردەوامبین لەوتێکۆشان و خەباتەى کە هاورێ و هاوپیشەو هاوبیرانمان کە بەدەستى جەلادەکانى سەردەم و ستەمکارانى حکومران لەپێناویدا شەهیدکران.

بە بەردەوامبون لەسەر رێگاى شەهیدانى قەڵەم گورزێکى کوشندە لە بیرى خێڵەکى و تێرۆریزمى سیاسى کحومرانى هەرێمەکە ئەدەین، بە وەها پەیمانێک توشى شۆکیان ئەکەین و هیوا بۆ ملیونان مرۆڤى ژێردەستە ئەگەرێنینەوە،بۆ بەدیهێنانى ئامانجى شەهیدانى قەڵەم ئەرکى هەموو کەسێکى ئازادیخواز و مرۆڤدۆستە کە لە برى ترسان و پاشەکشە لە تێکۆشان ،جەربەزانە جەنگى پێنوسەکان لەدژى دیکتاتوریەت و تێرۆرى دەسەلاتدا درێژە پێبدات.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق