الجمعة، 25 مارس 2011

درۆى سەرۆکەکان و ئەرکى داواکارى گشتى ؟!


ئێرە مەملەکەتى درۆیە،سەحراى حەقیقەت و ویژدانە،کەوکەبى بەدرەوشتیى زۆرینەى پیاوە سیاسی و بەرپرسەکانى ئەم دەڤەرەیە،چونکە ئەمانە درۆزن و درۆکار و فریودەر و بێبەڵێنن،لە تەواوى دونیادا درۆ یەکێکە لە رەفتارە بەد و نەخوازراوەکان ، لە تەواوى یاسا و رێسا زەمینى و ئاسمانیەکاندا درۆ بە رەوشتێکى قێزەون ورێگە پێنەدراو ناسراوە، لێپَچینەوەو سزاى توند بۆ مرۆڤى درۆکار دانراوە، ئەمە جگە لەو نەفرەت وبەکەم سەیرکردنەى درۆکار لەلایەن تەواوى کۆمەڵگاوە.بەڵام بەداخەوە کە لەم هەرێمە نەک درۆ وەک تاوان مامەڵەى لەگەڵ ناکرێت ،بەڵکو وەک جۆرێک لە ئازایەتى و سیاسەتکردن تەماشا ئەرکرێت.

دەگێرنەوە جارێک کابرایەکى نەخوێنەوار لە سەرۆک کۆمارى عێراق جەنابى " مام جەلال "ئەپرسێت و ئەڵێت : قوربان سیاسەت یەعنى چ؟ : مام جەلال گوتی: سیاسەت یەعنى درۆ.ئاشکرایە کە ئامانجى ئەوسیاسەتمەدارە لە پێناسەکردنى سیاسەت بەدرۆ ،تەنها خۆ دەربازکردنیەتى لە و درۆیانه‌ى کە رۆژانە لە کەناڵە جیاجیاکانى کارو سیاسەتە ئەیکات و مێژە کردوونى،کەس نییه‌ یەک دەرزەن درۆى مام و تەواوى سەرۆکەکانى ئەم هەرێمەى لەیاد نەبێت،رۆژانە زۆر بە روسورى و فەخامەتەوە لە کۆروکۆبونەوەکان و مینبەرو تەواوى دەزگاى راگەیاندنەکانەوە ئەوان دێن و مێشکى ئێمە بە کوروکچ و گەورەو منداڵەوە پرپر ئەکەن لەدرۆ و کەسیش پێیان ناڵێت بەرى چاوتان کلى پێوەیە،هەمیشە پاش کۆبونەوە نهێنیەکان ،بارزانى و تاڵەبانى و تەواوى پیاوە بچکۆلەکانى دەوروبەریان دێنە بەردەم تەلەفیزیونەکان و لە مایکرۆفۆنەکان نزیک دەبنەوەو کۆڵێک درۆمان بۆ ئەکەن و بە کۆمەڵە چەمکێکى وەک ( کۆبەنەوەک زۆرباش بەرێوەچو،لوجانى تایبەتمان پێک هێناوە بۆ بەدواداچونى کێشەکان،لەکەش و هەوایەکى ئازاددا،هەنگاوى باشمان بریوە وە دەیان هەزار چەمکى پرئومێد بەڵام لە ناوەرۆکدا پر درۆ) ئەمە جگە لە بەڵێنە پر لەدرۆکانى سەروەختى هەڵبژاردن کە لەبارەى (دابینکردنى خزمەتگوزارى سەرەتاى و بە ڵێنیدان بۆ باشکردنى ژیانى خەڵک لە روى تەندروستى و نان وکار و ئازادیە فەردى و سیاسیەکان وەدیهێنانى خەون و هیواکانى منداڵان و گەنجان و خواستى قوربانیان و تەواوى چین و توێژەکانى کۆمەڵ کە لێرەدا دەرفەتى باسکردنى نیە).

درۆ سەرەکیترین رەوشت یاخود سیفەتى کەسى بەرپرسى ئەم هەرێمەیە، هەر لە سەرۆکى هەرێمەوە تا ئەگاتە تەواوى بەرێوەبەری دەزگا و دامەزراوەکان، خاوەن هەزاران قسەى درۆ و بەڵێنى بێبنەمان.ئەوان درۆزن و خەڵکیش بێدەنگ لە درۆکانیان، تەواوى دامەزراوە پەروەردەى وداوەرى و یاسایەکانیش لەسەر ئەم درۆیانە نایەتە دەنگ کە ئەمەیش بۆ خۆى گەورەترین کارەساتە، چونکە بەهۆى بێدەنگى خەڵکەوە ئەوان بۆ هەمیشە بەردەوام ئەبن لەسەر درۆکردن و گوێمان ئەئاخنن بە درۆى جۆراوجۆرو توشى چارەنوسێکى ترسناکمان ئەکەن ،چونکە هیچ کەس و دامەزراوەیەک لەسەر درۆى ئەمانە نایەتە وەڵام و ناتوانێت وە یان ئیرادەى تۆمارکردنى سکاڵاى نیە،بەتایبەت کە ئەمە کارى دامەزراوە دادوەرى و یاساییەکانە لەسەرو هەمویانەوە داواکارى گشتى، بەڵام بەداخەوە کە ئەم دەزگایە یان بەشە، خۆى پرە لە کاراکتەرى درۆزن و ترسنۆک و گەندەڵ و بێویژدان ،دەنا بۆ لەسەر ئەو هەموە تاوان و درۆیانەى سەرۆک و پیاوە ئیدارى و سیاسیانە رۆژێک نەبوو سکاڵایەک تۆمارکات؟!!

خۆ ئەگەر ئەوان تا ئێستا بە خەیاڵ و قسەى خۆیان درۆیان لەو پیاوە شەریفانە نەبیستوە برۆن گوى لە بەرنامە تۆمارکراوەکانى سەروەختى هەڵبژاردن تا دەگاتە مەسەلەى لێدوانە پڕ لە درۆ و دژیەکەکانى بە قاچاخ بردنى نەوت بگرن و لەسەر بەڵگە نامە رەشەکانى ئۆپۆزیسیۆن و بەڵگەنامە سەوز و زەردەکانى پارتى ویەکێتى دژ بەنەیارانیان بەدواداچونى تایبەت بکەن و بێلایەنانە سکاڵا تۆماربکەن، بەم کارەش کورد وتەنى "قولى رەش و سپى لە بواردا دەرئەکەوێت" ئەوسا دەر ئەکەوێت کە چ لایەن و کەسێک راستگۆ بووە و چ لایەکى دى درۆزن بوە و بۆ مەرامى تایبەتى و هەل هەلەى هەڵبژاردن ژەهرى درۆى دەرخواردى خەڵکى کوردستان داوەو گەمەى بە عەقڵ و میزاجى منداڵ و پیرو گەنج کردوە. .

بۆیە بەهیواى ئەوەم کە دادوەرانى داواکارى گشتى غیرەتیان بجوڵێت و ئەرکى مرۆیی و ره‌وشتیی خۆیان بەجێبهێنن و پاش بەدواداچوون سکاڵاى یاساى لەسەر درۆزنەکان تۆماربکەن و لانى کەم راپێچى دادگایەکى عادیلانەیان بکەن و بە سزاى خۆیان بگەیەنن .با تەواوى دادوەران بەگشتى و دادوەرانى دادى گشتى بەتایبەتى ئەوە بزانن کە ئابڕومەندى خۆیان بەوە ئەپارێزرێت کە لە پێناو کەرامەتى خۆیان و مرۆڤه‌کانی ئەم کۆمەڵگایەدا بەکارى عادیلانەى خۆیان هەستن و لە یەکەم دەستپێشخەریاندا سکاڵا لەسەر درۆزنەکانى ئەم هەرێمە تۆماربکەن و نەهێڵن کە چیتر بە درۆکانیان مێشکى ئێمە و منداڵانى ئایندە ژەهراویی بکەن.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق