الأربعاء، 23 مارس 2011

دەبێ وشەى ئیسلام لە مادەى شه‌شی ده‌ستوورى هەرێمى کوردستان بسڕینەوە

تێرۆرى ئیسلامى مێژویەکى کۆنى هەیە، بۆ سەلماندنى ئەمەش پێویست بە هیچ قسەوباسى چەند بارە ناکا، تەنها ئاوردانەوە لە مێژوى سەرهەڵدان و بیروباوەرو خوێندنەوەى قورعانەکەى محه‌مه‌د باشترین بەڵگەن لەسەر توندوتیژیی و تێرۆرى ئیسلامى کە محه‌مه‌د مستەفا رێبەرەکەیەتى و جێنشین و مەلا و مورید و پارتە ئیسلامیەکانى کۆن و ئێستاش جێبەجێکارى فەرمانەکانى خوداکەى محه‌مه‌دن. ئاورردانەوە لە مێژوى زیاد لە چواردە سەدەى فیکرى پەیامبەر ئیسلام راستى شەرەنگێزى و بیرى تێرۆریزم و پر لە ستەمکارى ئەم ئاینەمان بۆ ئاشکرا ئەکا، بە جۆرێک کە هەر لەسەرەتاى ئاشکراکردنى ئاینکەى محه‌مه‌دەوە چەندین کەس لە هاوەڵان و بیرورا جیاوازەکان لە بەرامبەر بە پەیامبەرەکەیان رووبەرووى کوشتن و دەست و مل پەڕاندن بوونەتەوە، بە کەڵک وەرگرتن لە ئامانجى هاوبەش لە نێو خێڵ و قەبیلەکانى ئەودەمەدا محه‌مه‌د توانى و هەلى ئەوەى بۆ رەخسا کە وەک پەیامبەر گرەوەکەى خۆى بباتەوە بەڵام هەر پاش ئاشکرابوون لە مەرام و ئامانجە و بەرژەوەندییه‌ تایبەتیەکانى خۆى کار گەشتە سەر هەڵدانى ناکۆکیی لە نێوان هاوەڵانى محه‌مه‌د و محه‌مه‌د ، ئەم ناکۆکیەش هەر لەسەرەتاى دروستبوونى خەلافەتى ئیسلامیەوە زیاتر پەرەیسەند و دواجار مەزهەبى جوداجوداى موخالیف بە یەکى لێکەوتەوە کە هەر لەو کاتەوە تا ئێستاش ملیونەها مرۆڤی بێتاوان لە سایەى ناکۆکیەکانى رێبەرانى ئیسلام بوونەتە قوربانى و هۆکارى تۆقاندن و ژیان لێسەندنەوەى ملیونەهاى دیکە بوون کە حاڵى حازر بە عەمەلى ئەو بیرە پر لە خۆێنرێژەى ئیسلام لە ئێراق و ئیران و ئه‌فغانستان و تەواوى دونیاى ئیسلامى ئەبینین کە بۆ خۆى گەواهى دەرى بیرى ستەمکاریی و تێرۆرى ئیسلامى ئەسەلمێنێت.

لێرەوە دێمە سەر ئەو هەرەشەو زمانى شمشێرەى کە لە چەند رۆژى رابوردودا پەیرەوانى ئاینەکەى محه‌مه‌د کردیانە سەر چەند گۆڤارو رۆژنامە و کەسانێک کە تەنها لە چوارچێوەى دەقێکدا بیروراى خۆیان تێدا بەیانکردبوو، هەرەشە و چاوسورکردنەوە و فەتواو خوتبەى مەلاکانى ئیسلام و هەڵوێستى پارتە ئیسلامیەکان لە بەرامبەر رەخنەگرتنى چەند نوسەرێک لە ئاینەکەیان لەلایەک لاوازى ئاینەکەیان دەرەخات کە بەرگەى رەخنەى بەشەرى ناگرێت ،لەلایەکى دى دەلیلى سەرهەڵدانەوە و بەهێزبونى هێز و ئسوڵیەتى ئیسلامیە لەم هەرێمەدا کە بۆخۆى دەردەدارى چەندین سەدەى بیروباوەرى ئیسلام بوە، گومانى تێدا نیە کە دەستێوەردانەکانى جمهورى ئیسلامى وەک هێزێکى کۆنەپەرست و ستەمکار و لاوازى و دوفاقى ئایدیۆلۆجى پارتەدەسەڵاتدارەکانى کوردستان رێگە خۆشکەرى گەرانەوەى ئەم بیرە توندرەوەن کە لە دەیەیەى رابوردودا بەئاشکرا بونە هۆى کوشتن و هەرەشە لەخەڵکانى ئازادیخواز بەجۆرێک کە مافى جلپۆشین و خۆگۆرین و رادەربرینیان بەرتەسک کردبوەوە کە ژیانى چەند جار ناشرینترکردبو لەوەى کە لە شەرى هەرێمایەتى یەکێتى و پارتیدا سەپێنرابوو بەسەریاندا.

بەبۆچونى من تاوانبارو بەرپرسیاى سەرەکى پەلکێشانى بیرى ئسوڵى و تێرۆرى ئیسلامى لەم هەرێمەدا ئەگەرێتەوەى بۆ هەڵەى فیکرى و ئەخلاقى یەکێتى و پارتى، کە لەلایەک خۆیان بە پارێزەرى دین ئەزانن و لەلایەکى دیکە باس لە عیلمانیەت و دیمۆکراسى دەکەن، و لەهەردوو بارەکەدا ساڵانە ملیونەها دولار بەفیرۆ ئەدەن .ئەمە جگە لە ساتوسەوداى خودى بارزانى و تاڵەبانى لەگەڵ ئیسلامیەکان لە پێناو بەرژەوەندى حیزبایەتى و تایبەتى خۆیان.

رازیکردنى دڵى پارتە ئیسلامیەکان هەربە پارە بەخشینەوەوە نەوەستاوە بەڵکو بە سەفەقاتى ژێربەژێرو ئازادکردنى تاوانباران لە زیندانەکان تا دەگاتە سەپاندنى ویستو خواستى ئیسلامیەکان لە ده‌ستوور و یاساکانى هەرێمدا ، بەبنەماکردنى یاساو شەریعەتى ئیسلام لە ماددەى 6ى ده‌ستوورى هەرێمى کوردستاندا یەکێکى ترە لە هەڵە و تاوانە گەورەکانى ئەو دووپارتە، وە بەم کارەیان تا چەندین دەیەى تر بونە هۆى پاراستنى هەژمونى ئیسلامى بەسەر ژیان و بیرى خەڵکى ئازادى خوازى کوردستانەوە وە بەیاسا بونە هۆى سەرکوتى ئازادى بیروباوەر و درێژەدان بە کوشتنى و کۆیلەیەتى ژنان لەسایەى یاسا و شەریعەتى ئیسلامیدا. چەسپاندنى برگەى یەکەم " بنەماکانى شەریعەتى ئیسلام سەرچاوە یەکی سەرەکیی یاسادانانن ونابآ: یاسایەک دابندرێت ناکۆک بێت لەگەلڕ حوکمە نەگۆڕەکانی ئیسلام " لە ماددەى 6ى ده‌ستوورەکەى بارزانى و تاڵەبانى بۆخۆى شاهێدى ئەوەن کە هیچ کام لەم دوپارتە فریان بە مەدەنیەت و دیموکراتیەتەوە نیە ، مەسەلەى عەلمانیەت و ئازادى بیروباوەر تەنها قسەى باقو بریقى سەر رۆژنامەو بەردەم مایکروفونەکانى حیزبن و تەنها بۆ فریودانى خەڵک بەکاریان دیێنن.

بۆیە من داواکارم و پێشنیار ئەکەم کە خەڵکانى ئازادیخواز لەپێناو ئازادیى بیروباوەر و خەڵکانێک کە دەیانەوێت مومارەسەى دین بە ئازادانە بکەن تا رۆژێک لەسەر نوێژکردن راپێچى زیندانەکانى دەسەڵات نەکرێن و دین بکەنە پەرستنى شەخسى و خاڵى بکەنەوە لە تێرۆر و کوشتن ،دەبێت کار بۆ گۆرینى ده‌ستوور و یاساکان بکەن بەمەش مرۆڤە بێدین و دیندارەکان و تەواوى بیرو باوەرو ئاین و ئاینزاکان و تەواوى ماف و ئازادیەکانیان پارێزراوەبێت، و لێرەشەوە رێگە نادرێت بە هیچ دین و ئایدۆلۆجیایەک کە بێتە هۆى هەرەشەو تۆقاندنى خەڵک، و هەمووان فێربن بە وشە وەڵامى وشە بده‌نەوە رەخنە قبوڵبکەن و بیر لە پێکەوەژیان بکەنەوە ، چونکە هەموو کەس مافى ژیانى هەیە و بۆهیچ کەس و ئاین و بیرو باوەرێک نییه‌ ژیان لە کەس بسەنێتەوە و ناچارى مردنى بکات. بۆیە لەکۆتایدا ئەلێم ئەبێت کارى جدى رۆشنبیر و ئازادیخوازان رەخنەگرتنبێت لە ده‌ستوور و جیاکردنەوەى دین لە دەوڵەت تا بۆ هەتایە بۆ هەموو کەس زامنى ئازادى بیروباوەر بکەین، نەک دەرکردنى بەیاننامەیەک یان دەربرینى نارەزایەتى کاتى ناڕوون لەسەر هەڵوێستى پارتێکى ئیسلامى یان هێرش و فەتواى مەلایەک.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق