الجمعة، 25 مارس 2011

فەتواى تێرۆر لەقسەکانى ''مەسعود بارزانى'' و میدیاى پارتیدا.

تێرۆرکردنى رۆژنامەنوس "سەردەشت عوسمان" لە 6/5/2010 لە ناوشاری هەولێر بەرۆژى روناک و لەبەردەم حەرەمى زانکۆ کە هێندەى بەردەم دەزگایەکى جاسوسى پۆلیس و چەکبەدەستى لێیە ئەوە ئەسەلمێنێت کە ئینسان کوژو دەزگا جاسوسییەکانى پارتى دەستیان هەیە لەم تێرۆرەدا، هەڵبەتە ئەم تۆمەتبارکردنە لەخۆوە نەهاتوە بەڵکە بەپشتبەستن بە رابوردوى بڕتێرۆرو سەرکوتگەراى ئەوپارتە و زمانى هەرەشەى تەواوى میدیاکانى پارتى تا دەگاتە فەتواى راستوخۆکانى سەرۆک بارزانى دژ بەرەخنەگران و خەڵکانى ئازادیخواز سەلمێنەرى ئەوراستیەن کە ئەوانن بکوژى سەردەشتى رۆژنامەنوسن.بۆیە بەپشتبەستن بە هەرەشەو فەتواکانى مەسعودبارزانى و پارتەکەى کە لەخوارەوە باسى دەکەم من پارتى دیموکراتى کوردستان بە رفێنەرو تێرۆرکەرى سەردەشتى نوسەرو رۆژنامەنوس ئەزانم.

1- لەسەروبەندى ناوزەندکردنى پێشمەرگە بە میلێشیا و سوکایەتى کردن بە پێشمەرگە وەک گوێى سەرۆکى هەرێم و تەواوى نەیارانى بزوتنەوەى گۆران وەهایان بیست ،مەسعود بارزانى بۆ جارێکیتر و لە وتاریێکى حەکیمانەیدا لەساڵیادى دامەزراندنى رێکخراوى یەکێتى قوتابیانى کوردستان فەتواى کوشتنى بۆ هەموو ئەوکەسانە دەرکرد کە رەخنە لە هێڵەسورەکان و موقەدەساتەکانى ئەوان ئەگرن،سەرۆک فەرموى "ئەوەى سوکایەتى بە پێشمەرگە بکات لەسەر ئەم خاکە جێنابێتەوە"ئەگەر ئێمە سادەترین شیکردنەوە بۆ ئەم قسەیەیى مەسعودبارزانى بکەین ئەوا جگە لەفەتواى کوشتن هیچیتر بەدى ناکەین،چونکە بۆ کەسانێک کە رەخنە لە دەسەڵاتى خێڵەکى ئەوانبگریت و پرسیارى جدى لە سەر سەروەت و سامانە دیارو شاراوەکانیان بکات تادەگاتە ئاشکراکردنى پلانى کوشتنى هاولاتیان و گەندەڵى و ئەو سات وسەودایەى کە لەگەڵ دوژمناندا سازیانداوە بۆ دەستکەوتنى دەسەڵات و پارەوپول وە لەبەرامبەردا هێنانى داگیرکەران و بێدەنگبوون لەتاوانەکانیان ئەمانەو سادەترین رەخنەى دیکە بەزاندنى ئەو هێڵەسورەکانەیە کە سەرۆک فەتواى کوشتن و شاربەدەرى بۆ رەخنەگران دەردەکات، بەپێى وتە هەرەشە ئامێزەکەى ماندێلاى کورد، هەموو ئەوکەسانە یان دەبێت سەرى خۆیان هەڵگرن و راوبنرێن لەم وڵاتە، یانیش دەبێت بکوژرێن، وشەى" لەسەر ئەم خاکە جێى نابێتەوە" یانى دەبێت ببرێتە ژێرخاک و بەدەستى پیاوەکانى سەرۆک و دەزگا هەواڵگریەکانیان وەک هەزاران کەسیترببرێنە ژێرخاک و تێرۆر بکرێن ئەگەر نا ! خۆ جەنابی سەرۆک بە رێزەوەو بەفرۆکە نەیارانى رەوانەى دەرەوەناکات؟!، هەرەشەکردنى پیاوێکى سیاسى وەک سەرۆک حیزب و وەک سەرۆکى هەرێمێک یان وەک سەرۆک بنەماڵیەکى دەسەڵاتدار دەبێت جێگەى مەترسى و ئیعتیباربێت لاى هەرەشەلێکراوان.

2- ئاشکرایە مەسعود بارزانى هەمیشە زمانى زبرو هەرەشەى بەکارهێناوە لەبەرامبەر نەیارانیدا، وەلێ ئینسان بە ویژدانەوە بڵێت جار جار سەرۆک هەرەشەى فشەڵ و خۆگیڤکردنەوەش لە برا تورک و عەرەب و فارسەکایش دەکات ،بەڵام وەک بینیومانە ئەوە تەنها بۆ فریودانى خەڵکى کوردستان و دەروێشەکانى خۆیەتى تا بڵێن ئەها سەرۆک چەندە کوردپەروەرو نەتەوەپەرستە!! بۆیە لێرەدا من تەنها هەرەشەیەکى ترى بارزانیتان بیردێنمەوە کە لە 24/6/2009 لەسەر مەسەلەى دەستورى هەرێمى کوردستان بۆجارێکى تر و لەسەرو بەندى بانگەشەى لیستى کوردستانیدا لە یاریگاى هەولێر بارزانى فەرموى "دەستور دەبێتە چقڵى چاوى دوژمنان " وشەگەلى زبرى وەک " چقڵ و ناحەزان و دوژمنان" وشەگەلێکن کە پرپرن لە هەرەشەو چاوسورکردنەوەو فەتواى کوشتن.

ئاشکراشە مەبەستى سەرۆک لە ناحەزان و دوژمنان تەنها خەڵکى کوردستانە، ئەوخەڵکانەى کە بۆ تێنەپەراندنى دەستور کەمپینیان رێکخست و رەخنەیانگرت، نەک داگیرکەرانى دراوسێ کە بەرێزەوە فەرشى سور بۆ خۆیان و سوپا و دەزگا ئیستخباراتیەکانیان دادەخرێت، هەرەشەى سەرۆک لەو کەسانەیە کە نەیانویست وەک سەرۆک و پارتەکەى ئیمزاى تێپەراندن لە دەستورەکەى بنەماڵە بدەن،کەسانێک و خەڵکانێکى ئازادیخواز کە لەکۆمەڵگەدا ئازایانە وە بە هەستێکى پر لە مرۆڤانەو ئەخلاقیانەوە لە خەمى نەوەکانى داهاتودا داواى پەسەندنەکردنە ئەودەستورەیان کرد کە گەرەنتى و پارێزەرى دەسەڵات و بەرژەوەندیەکانى سەرۆک و پارتەدواکەوتوە کۆنەپەرستەکانى هەرێمەکەن،دەستوریێک کە پربوو لە بەندو ماددەى دژ بەئازادى و دیموکراتى و تەنهاو تەنها هێشتنەوەى سەرۆک وەک خوداو بەس.

3-دەرکردنى بەیاننامەى مەکتەبى سیاسى پارتیدا لە 13/5/2010 دژ بە کەمپینى" بێدەنگ نابین" و بێنرخ کردن و بەلارێدابردنى ئەو بزوتنەوە جەماوەرییەى کە دژ بە تێرۆرکردنى سەردەشتى رۆژنامەنوس و بەردەسکردنەوەى ئازادى رادەربرین لە زۆربەى شاروشارۆچکەکانى کوردستان هاتەدەنگ، بەتەواوەتى ئەوە ئەسەلمێنێت کە خودى پارتى هەستاوە بە تێرۆرکردنى رۆژنامەنوس سەردەشت عوسمان لە پایەتەختى هەرێمى کوردیستان، زمانى پرلەهەرەشەى هەمیشەیى وتازەترین بەیاننامەى مەکتەبى سیاسى و زمانزبرى و جنێودانى کۆیلەکانى ئەوپارتە لە سەرجەم کەناڵە میدیاییەکانیانەوە ئەوە ئاشکرا ئەکات کە خۆیان بکوژى ئەورۆژنامەنوسەن.

نوسینى رستەگەلێکى وەک " جا ئه‌گه‌ر زوو ده‌ستی ره‌شی نه‌گریسیان نه‌بڕینه‌وه‌، له‌و بڕوایه‌داین کار و کرده‌وه‌ی دڕنده‌تریشیان له‌ به‌رنامه‌دایه‌ ‌" کە لە بەیاننامەکەى مەکتەب سیاسى ئەوپارتەدا هاتوە پرلە وشەو رستەى پرلە هەرەشەو تێرۆر بەئاشکرا بۆنى خوێن و مەرگ دۆستى لێدێت، ئەمە جگە لەتۆمەتبارکردنى ئەوخەڵکانەى کە دژ بەتێرۆر و کوشتنى هاورێ و هاوکارەکەیان هاتونەتە سەر شەقامەکان.

هێژایانى پارتى دەڵێن " جه‌ماوه‌ری خه‌لکی کوردستانیش دڵنیا ده‌که‌ینه‌وه‌ که‌ ئه‌م پیلانه‌ و دارێژه‌ر و ئه‌نجامده‌رانی له‌ گۆڕ ده‌نێین " بێشک لێرەدا مەبەستیان لە گۆرنان و کوشتنى رۆژنامە نوسان و رەخنەگران و خەڵکانى ئازادیخوازە دەنا بۆ هێندە بە هاتنەسەرشەقامى خەڵک ئەترسن و تۆمەتباریان ئەکەن بە پیلانگێر و نەگریس و ئاژاوەچی داواى لەگۆرنانیان ئەکەن، سەیرە ؟!!؟؟ ئەوان هاوبیرو هاورێیەکى ئێمەیان تێرۆر کردوەو کەچى بەعس ئاسا رێگە لە پرسە و فرمێسکەکانمان ئەگرن مافى تورەبون وپرسیارکردنمان پێرەوانابینن،تورەدەبن کە دەڵێین کێ ؟وە بۆ؟ سەردەشتى رۆژنامەنوستان تێرۆرکرد،لەبرى ئەوەى میدیاى پارتى وەڵامى پرسیارەکانى رۆژنامەنوسان و خەڵکى ئازادیخواز بداتەوە کەچى زۆر شەرەنگێزانە دێت و بەرگریکاران لە ئازادیرادەربرین تۆمەتبار ئەکات،وە هەوڵ و تێکۆشانە جەماوەرییەکانیان بە ئاژاوەگێرو دەست لەپشت و خەتەر بۆسەر ئاسایشى هەرێم تۆمەتبار ئەکات، بەزمانێکى مەرگدۆستانەوە وەک سەرۆکە ئاشتى خوازو نەفەس دریێژە کەیان، داواى لەگۆرنانى ئەوکەسانە ئەکەن کە بۆ پرسەى هاورێ رۆژنامە نوسەکەیان هاتونەتە سەرشەقام و داواى ئاشکراکردن و دۆزینەوەى تێرۆرستان ئەکەن و لەبرى زمان زبرى بە شێوەیەکى مۆدێرنانە دەڵێن نەفرەت لە تێرۆر ،بژى ئازادى.

بۆیە بە بۆچونى من وتاردان و بەکارهێنانى زمانى زبرو پر لەهەرەشەکانى سەرۆک و پارتەکەى و دژ بە رۆژنامەنوسان و نوسەران و خەڵکانی ئازادیخواز و نارازى بەدەسەڵاتى پرلەستەمکارى ئەوان رێگە خۆشکەرە بۆ ترساندن و سەرکوتى ئازادى وە ئەم وتەو فەتوایانەى سەرۆک بارزانى پشتیوانی و دەست خۆشییە لەو کەسانەى کە بەئاشکراو بەرۆژى روناک لە سەرعەرشى سەرۆکدا سەردەشتى رۆژنامەوسیان تێرۆرکردو بەردەوامن لە تێرۆرى هاوکاران و هاورێو هاوبیرانى سەردەشت.




ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق