ئاکۆ خهلیلزاد:خودى سزاى لەسێدارەدان خۆى تاوانە ئیدى چۆن رێگە لەتاوان دهگرێ، ههروا باڵاترین پلەى تاوانە چونکە لە بەرامبەر هەڵەیەکى سادە یاخود قورس یاخود تاوانێکى وەک کوشتنى خۆویستدا ژیان لە مرۆڤ دهسەنێتەوە و مەرگى پێ دهبەخشێ. کەواتە حیکەمەتى ئەم سزایە لە چیدایە کە لەپێناو کوشتنى کەسێکدا کەسێکى تر بکوژی ؟؟!
گفتگۆی ئهم جارهمان لهگهڵ ئاکۆ خهلیلزاد دهبێت که نوێنهری سهنتهری دژی له سێداران و ههڵسوراوی مافی مرۆڤه له ههرێمی کوردستان، تا بهرێزیان له ریگهی ئهم گفتوگۆیهوه تیشک بخاته سهر لایهنه جۆربهجۆرهکانی سزای له سێدارهدان.
هیوا ئهحمهد: بۆچوون و لیکدانهوهی ئیوه سهبارهت به سزای له سێدارهدان و تێروانینتان بۆی چۆنه؟
ئاکۆ خهلیلزاد: لەسێدارەدان توندترین سزایە، گەورەترین تاوانە، قێزەونترین کارێکە کە دەسەڵاتى فەرمانرەوا بەرامبەر بە مرۆڤ ئەنجامى ئەدات لە ژێر پەردەى سەپاندنى یاسا یاخود جێبەجێکردنى فەرمان و حوکمى شەریعەتى دینى. لەسێدارەدان وەک سزا بەکاردێت بەرامبەر بە مرۆڤێک کە تۆمەتبارکراوە بە تاوانى (کوشتنى مرۆڤ ، دزیکردن ، داوێنپیسى- کردەى سێکسى لەگەڵ کەسێک کە شەرع و یاسا و کەلتور رێگرى لێکردوەو نەفرەتى کردوە- یان دژایەتى کردنى ئاین و خوداکانیان و ناپاکى تا دەگاتە جیاوازى بیروراو..).
بە بۆچونى من هەرتاکێکى مرۆڤدۆست و ئازادیخواز کەلە هەر جێگایەکى ئەم سەرزەمینە دەسەڵاتى هەبێت یاخود نەیبێت لەسێدارەدانى هەرئینسانێک بەهەر تۆمەتێک بەتاوان ئەزانێت، بۆیە منیش وەک کەسێک کەبروام بە ئازادى رەهاى ئینسان هەیە ئەم سزایە بەتاوانێکى گەورە ئەزانم، من پێم وایە بەخشینى مەرگ بە مرۆڤێک هێندە تاوانە کە شتێکیتر نییە لەودیو ئەم سزا و تاوانەوە، بەبرواى من هیچ مرۆڤێک شایان بە مردن نیە، بەتایبەت مردنێک کە بە هۆکارى جیاوازى بیروبۆچون بەسەریدا بسەپێنرێت، مرۆڤ بەئازادى لەدایک ئەبێت و ئەبێت سروشت بریارى مردنى بدات، هەڵبەتە مەبەستم لەسروشت هەموو ئەوهێزە فیزیکى و نادیارانەیە کە لەدەرەوەى تواناو ویست و دەسەڵاتى مرۆڤ ئەبنە هۆى مردنى مرۆڤ، بەشێکى ئەوەش سنوردارى ژیانى مرۆڤە وەک هەر زیندەوەرێکى ترى ئەم گەردونە، نەک جیاوازى رەگەزى و ئاینى و بیروباوەر کە هۆکارى لەنێوبردن و سزادانى جەستەى و دەرونى ملیۆنەها ئینسانە لەتەواوى دونیاى ستەمکارى و دیکتاتوریەتى مەزهەبى و ئایدیۆلۆجیدا، ئەمە جگە لە هۆکارى ژینگەى وەک نەخۆشى و برسێتى و تا زۆری دیکە کە بەهۆى خەمساردى و ویستى سیستەمى حکومرانیەوە ساڵانە هۆکارى مردنى رێژەیەکى خەتەرناکى ئینسانەکانە لەجیهاندا، بەتایبەبەت لە ولاتانى بەناو جیهانى سێهەم.
هیوا ئهحمهد: له مێژهوه چینه دهسهڵاتدارهکان و حکومهت و دهوڵهتهکان سزای له سێدارهدانیان له دهستور و یاسای ووڵاتدا جیگیر کردوه و تا ئێستاش له لایهن زۆرێک له دهوڵهت و حکومهتهکانهوه لهبهرامبهر خهلکدا ئهم سزایه جبهجێدهکرێت، به بۆچوونی ئێوه مهبهستی سهرهکی و بنهرهتی له بهرێوهبردن و هێشتنهوهی ئهم سزا دژی مرۆڤایهتیه له لایهن دهسهڵاتدارانهوه چییه؟
ئاکۆ خهلیلزاد: ئاشکرایە بیرۆکەى سزاى لە سێدارەدان وە مێژوى ئەم سزایە لە تەواوى دونیادا زۆر رون نیە، بەڵام ئەکرێت بڵێین لەگەڵ سەرهەڵدانى سیستەمى حکومرانى لەلایەن ئیمپراتوریەت و چین و تەنانەت خێڵ و قەبیلە باڵا دەستەکانەوە بیرۆکەى ئەم شێوازە لەکوشتن هاتوەتە ئاراوە کە بەبرواى من ئامانجى سەرەکى لەم جۆرە لە تەکنیکى کوشتنى مرۆڤەکان بەبەرچاوى مرۆڤەکان خۆیانەوە و لە شوێنەگشتیەکان و ئاشکرا لێسەندنەوەى ژیان بە بەرچاوى کەسوکارى سزادراوەکە و تەنانەت مندالانیشەوە تا دەگاتە تەکنیکى نوێى وێنەگرتن و پەخشکردن و هەلگرتنى وێنەى ئەم تاوانە دژ بە مرۆڤانەیە تەنهاو تەنها ترساندنى زۆرینەیە وە بێنرخ سەیرکردنى ئینسانە وەک ئینسان، وە ئامانجیان لە سەپاندنى ئەم سزا قێزەونە کۆنترۆلڕکردن و بێدەنگ کردنى کۆمەڵگایە، وەهەندێک جار فەرمانرەواکان بۆ پارێزگارى کردن لە ئاینەکەیان فەرمانى جێبەجێکردنى سونەت و حوکمەکانى شەریعەت ئەدەن تا لە رێگەى فەرمانە ئاینیەکانەوە رەوایەت بە مانەوەوى دەسەلاتى خۆیان بدەن چونکە زۆرینەى کۆمەڵگا پەیرەوى ئەو ئاینە ئەکات وە برواى بەهەموو حوکم و سزاو فەرمانەکانى هەیە لێرەشەوە زۆرینەى گۆمەڵگا بەناراستوخۆ پاڵپشتى لەم سزا و تاوانە قێزەونە ئەکات، بۆیە ئەمە باشترین تەکتیک و بیانوە کە لەژێر پەردەى ئایندا دەسەلاتە دیکتاتورەکان درێژە بەمانەوەى خۆیان بدەن.
هیوا ئهحمهد: حکومهت و دهسهڵاتداران و لایهنگرانی سزای له سێدارهدان، پێویستی هێشتنهوه و جیبهجێکردنی ئهم سزایه بهوه پاساو دهکهن که گوایا دهبێته هۆی نههێشتن و کهمکردنهوهی تاوان له کۆمهڵگادا و پاراستنی خهلک له دهست تاوانکاران، بۆچۆنی ئیوه لهسهر ئهم پاساوهی دهسهڵاتدارن چییه؟ ئایا به واقعی سزای له سێدارهدان بۆته هۆی کهمکردنهوهی تاوان و تاوانکاران له کۆمهڵگادا؟
ئاکۆ خهلیلزاد: خودى سزاى لەسێدارەدان خۆى تاوانە ئیدى چۆن رێگە لەتاوان ئەگرێت، وەباڵاترین پلەى تاوانە چونکە لەبەرامبەر هەڵەیەکى سادە یاخود قورس یاخود تاوانێکى وەک کوشتنى خۆویستدا ژیان لە مرۆڤ ئەسەنێتەوە و مەرگى پێ ئەبەخشێت. کەواتە حیکەمەتى ئەم سزایە لەچیدایە کە لەپێناو کوشتنى کەسێکدا کەسێکى تر بکوژیت ؟؟! ئەگەر بە دیدێکى ماتماتیکیانەوە بروانینە ئەم سزایە لە ئەنجام سفر بەدەست ئەهێنین، چونکە یەکێک کوژراوە ئێمەش دێین یەکێکى دیکە ئەکوژین، خێزانێک خەمبارو بێ دایک و باوک ئەکرێت و بێبەش لە سۆزو خۆشەویستى و بێبەش لە نان پەیداکەر ئەبێت و دەوڵەتیش دێت خانەوادەیەکى دیکە توشى هەمان کارەسات ئەکات، کەواتە سودو حیکمەت و هونەرى ئەمکارە لەچیدایە؟؟! ئەمە بۆکەسانێک کە رەنگە تاوانباربن بەکوشتى کەسانێک، بەڵام ئەنجامى هاوکێشەکە بێماناتر ئەبێت ئەگەر قوربانیەکە بەهۆى تۆمەت و تاوانێکى دیکەوە لەسێدارە درابێت، بەتایبەت ( دزیکردن، کارى سیخورى، بیروباوەر یاخود کردەى سێکسى) کە ئەنجامدەرى هەریەکە لەم تاوانانە ناکاتە ئەوەى کە سزاى مەرگى بەسەردا بسەپێنیت، بەڵام ئەکرێت زیندانى بکرێت ئەویش لە پێناوى گێرانەوەى کەرامەت و ژیانێکى شایستە بۆ ئەم تاوانبارە ئەویش بۆ هەندێک لەو کارانەى کە پێچەوانەى مافەگەردونیەکانى مرۆڤە، نەوەک سزایەک کە بەگوێرەى یاسا نێودەوڵەتیەکان و جارنامە جیهانیەکان مافە، بەلام بەگوێرەى دەستورو یاساو کەلتورى وڵاتى سزادەر، سزادراو بەتاوانبار حوکم ئەدرێت وە لەسێدارە ئەدرێت.
بۆیە ئەبێت لەبەرامبەر هەڵە و تاوانێکى گەورەى وەک مرۆڤ کوژی خودویستیدا "عمدى" ئەکرێت یاسا رێوشوێنى وەها بگرێتەبەر بۆ سزادانى تاوانبار لەپێناو گەرانەوى مرۆڤە تاوانبارەکە بۆ نێو ژیان، بەلام پاش راهێنان و پەروەردەکردنی بە شێوەیەکى مرۆڤ دۆستانە، نەک کوشتنى مرۆڤێک لە بەرامبەر کوژرانى مرۆڤێکى تردا، راستیەکەى هەڵەکە لێرەدایە کە یاسا و شەریعەت پێیان وایە کە بە تۆڵەسەندنەوە و سەپاندنى سزاى مەرگ، ماف یاخود ژیان بۆ خاوەن ماف ئەگەرێننەوە، کە ئەمە پوچترین بیرکردنەوەى زۆرێک لەولاتانى پاشکەوتە وە ئسوڵگەراو نقومبوو لە یاسا ئاسمانییەکانە، هەرچەندە لە سیێدارەدان لەچەند ولایەتێکى ئامریکاشدا هێشتاش پیادە ئەکرێت، کە ئەمە بۆخۆى نەنگى و ریسوایى دەسەلاتداران و بیریارانى ئامریکا پیشان ئەدات، بەڵام جێبەجێکردنى ئەم سزایە لە ئامریکا بەرێژەو جیاوازى زۆرەوە لەگەڵ ولاتانى وەک عیراق و ئیران و دەوڵەتانى عەرەبى و ئیسلامیدا بەدی ئەکرێت. بۆیە من پێموایە کە هەبونى ئەم سزایە لەلایەک ژمارەى قوربانیەکان بەمەرگ زۆر دەکات وە لەلایەکى دیکە ئەم بیرو جۆرە رەفتارانە هیچ لە رێژەى تاوانەکان ناهێنێتە خوارەوە، بگرە زیاتریشى ئەکات چونکە خودى سیستەمەکە هۆکارى زۆربونى قوربانیەکانە ئەویش بەهۆى سەرکوت و زەوتکردنى ما فەسەرەتاییەکانى خەڵک و فەراهەم نەکردنى ئازادییەکانەوەیە.
بەبۆچونى من ئەو تاوانانەى کە مرۆڤى پێ مەحکوم ئەکرێت بە مەرگ و لەسێدارەدان زۆربەیان لە سەردەمێکى تایبەتدا وە لە وڵات و کیشوەرە جیاوازەکاندا نەک نەبوەو نابێتە مایەى لەسێدارەدان بەڵکو بە بەشێک لە ماف ئەزانرێت وە هەندێکى تریان وەک تاوانێکى ئاسایى هەڵسوکەوتى لەگەڵ ئەکرێت.
هیوا ئهحمهد: له مێژهوه خهبات له دژی سزای له سێدارهدان له سهراسهری جیهاندا له لایهن بزووتنهوه ئازادیخوازهکانهوه دهستی پێکردوه و توانراوه بههێزی ئهم بزوتنهوهیه له زۆرێک له ووڵاتانی جیهاندا به تایبهت ووڵاتانی ئهوروپا سزای له سێدارهدان قهدهغه بکرێت، ئایاله پهیوهند بهم بزووتنهوه سهراسهریه جیهانیهوه بزووتنهوهی دژی سزای له سێدارهدان له عیراق و کوردستان چۆن دهبینن و به بۆچوونی ئێوه ئهو کار و ههنگاوه کردهوهییانه چین که دهتوانرت به هۆیانهوه ئهم بزووتنهوهیه ههرچی زیاتر بههێزتر بکرێت تا بتوانێت دهسهڵاتداران ناچار بکات که سزای له سێدارهدان قهدهغه بکهن؟
ئاکۆ خهلیلزاد: دامەزراندنى سەنتەرێک دژبە لەسێدارەدان وە خەباتکردن لە ناوبزوتنەوەیەک کە ئامانجى قەدەغەکردن و کۆتایهێنانبێت بە سزاى لەسێدارەدان نەک پێویستە بەڵکو کارێکى مرۆڤ دۆستانەو یەکجارگەورەو بەبەهایە لە پێناو رزگارکردنى ئینسانەکان لە چنگ مەرگ و دەسەلاتی دیکتاتوریەت. چی لەوە جوانترو پیرۆزترە کە بتوانیت ژیان بۆکەسێک بگەرێنیتەوە کە مەحکومە بەمەرگ؟!!. ئەمە جگە لەوەى کە لەم رێگەوە نەتەنها کەسێک لەمەرگ رزگاردەکەیت بەڵکە چەندیدن خێزان فێرى لێبوردەیى و پێکەوەژیان ئەکەیت. ئێمە ئەگەر بمانەوێت کۆتایى بەتاوان و مەرگى ئینسانەکان بهێنین نابێت سزا وە لەسێدارەدان وەک چارەسەر بۆ رییشەکێشکردنى تاوان بەکاربهێنین، هەرچەندە ئەمرۆ زۆربەى قوربانیەکانى سزاى لەسێدارەدان لەجیهان بەگوێرەى پێوەرە نێودەوڵەتیەکان بۆ مافەکانى مرۆڤ ناچێتە خانەى تاوانەوە بەڵکو بەگوێرەى داب و نەریت و یاساکان وە سیستەمى حوکمرانى ئەو وڵاتە تاوانبارکراون لە چوارچێوەیەکدا کە سزاى لەسێدارەدان بیانگرێتەوە، کە زۆربەى قوربانیەکان لەسەر مومارەسەى ئازادیى بیروراو ئازادیى کاری سیاسى روبەروى لەسێدارەدان بونەتەوە. بۆیە پێویستى دامەزراندن و هێنانە مەیدانى بزوتنەوەیەک دژ بە لەسێدارەدان بۆ کوردستان و عێراق گەلێک گرنگە. چونکە جێبەجێکردنى ئەم تاوانە لەچەندین دەیەى رابوردوەوە لەژێر دەسەڵاتى رژێمى دیکتاتوریەت و حیزبى بەعس لەچاو ولاتانى تردا رێژەیەکى ترسناکى هەیە، وە پاش لەناوچونى ئەو رژێمە و دوبارە دروستکردنەوى حکومەت بەناوى دەوڵەتى دیموکراتى فیدراڵى بەرلەمانى خەتەرى بەردەوامى و کارپێکردنى سزاى لەسێدارەدان لە ئارادایە، راستیەکەى ئەوەیە کە تەنها ناوو دەموچاوەکان گۆراون لەبرى گۆرینى یاساو دەستورێک کە خاڵى بێت لە کاریگەیەکانى ئاین و مەزهەبەکان، کەچى شەریعەتى ئیسلام سەرچاوەى سەرەکى یاسادانانە کە ئاشکرایە بەگوێرەى ئەم ئاینەش هەموو جۆرەکانى سزاى لەسێدارەدان نەک رێگە پێدراوە بەڵکە حوکمى نەگۆری هەیە بۆ جێبەجێکردنى ئەم تاوانە. وە ئاینى ئیسلام داهێنەرى ئەم سزاو تاوانەیە کە سورەتەکانى قورعان پرن لە وشەى قێاێ و بەردەبارانکردن و دەست و چاو وگوێبرین و تا ئەگاتە لێدان تا ئاستى کوشتن کە ئەمانە هەموویان جۆرەکانى لەسێدارەدانن بۆ کەسانێک کە هێڵە سورەکانى ئەو ئاینە ببەزێنێت کە لەدونیاى مۆدێرندا وەک ماف و ئازادی بەمرۆڤ رەوا بینراوە.
بۆیە بۆ کارکردنى کردارى و هەنگاونان بۆ بەهێزکردنى ئەم بزوتنەوەیە لەپێناو ناچارکردنى دەسەڵاتداران تا قەدەغەى سزاى لەسێداەدان بکەن من ئەم کارانە بە هەنگاوى کردارى و باش ئەزانم.
1- دەبێت فشارى نێودەوڵەتى بخرێتە سەر دەسەلاتدارانى عێراق و کوردستان، ئەویش لەرێگەى رێکخراوەى نەتەوەکان و دامەزراوە سەربەخۆکانى تایبەت بە پارێزەرانى مافى مرۆڤ.
2- فشارى ناوخۆیى لەرێگە دامەزراوە ناوخۆییەکانى تایبەت بەبەرگریکاران لە مافى مرۆڤ، بۆ گۆرین و هەموارکردنى ئەو بەندوماددانەى کە لە دەستوەرو یاساکاندان وشەرعیەت بە سزاى لەسێدارەدان ئەدەن.
3- لەرێگەى کۆرو کۆبونەو دامەزراوە پەروەردەییەکانەوە خەڵک هۆشیاربکریێتەوە تا سزاى لەسێدارەدان وەک تاوان بناسرێت. تا لێرەوە رۆحى لێبوردەى پێکەوژیان پەرەپێبدرێت نەک تۆڵە و رق.
4- بڵاوکراوەو کتێب گۆڤارى تایبەت بە بیرى ناتوندوتیژى بڵاوبکرێتەوە، وە لەرێگەى ئامارو بەڵگەو دۆسیەى تایبەتەوە ئەوەبسەلمینرێت کە جێبەجێکردنى ئەم تاوانە هیچ لە رێژەى تاوان کەم ناکاتەوە بەڵکو بەپێچەوانەوە.
5- کار بۆ فەراهەمکردنى ئازادی بیروراو مومارەسەى کارى سیاسى و ئازادییە فەردییەکان بکرێت تا رێژەى تاوان و تۆمەتباران کەم بکرێتەوە. چونکە لەزۆربەى وڵاتانى رۆژهەڵاتى ناوەراست قوربانیەکان بەهۆى نەبونى ئازادیەکانەوە روبەروى سزاى لەسێدارەدان بونەتەوە.
6- کەرامەتى ئینسان پارێزاوبێت وە کار بۆباشکردنى ژیان و گوزەرانى سەرجەم تاکەکانى کۆمەڵگا بکرێت لە سەرجەم کایەکانى ژیاندا، بەتایبەت بوارى ماددى و کۆمەڵایهتى چونکە هەنێک جار خراپى بارى ئابورى هۆکارى ئەنجامدان و توشبونى مرۆڤە بەتاوان.
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق