الأربعاء، 23 مارس 2011

پەیامی پیرۆزبایی بۆ گەلی تونسی و میسریەكان و ئاشتی و چاكسازی بۆ كوردستان


پاش چەند رۆژێكی كەم لە نارەزایەتی جەماوەری و هاتنەسەرشەقامی گەلی  تونس و میسر دژ بە دیكتاتورەكانیان ، سەرئەنجام دەسەڵاتی ستەمكارو پرچەك لەبەرامبەر تورەبون و فشاری مەدەنیانەی خەڵك چۆكی داداو سەرۆكەكانیان شاربەدەركران و خۆری دەسەڵاتی ستەمكاریان ئاوابوو،بێزاری خەڵك لە خراپی باری گوزەران و نەبونی  تەواوی ئازادییەكان و دەیان كێشەی تری ئابوری و كۆمەڵایەتی بە رادەیەك زۆربوو كە وەك رەشەبایەكی تورە دەسەڵاتدارانی پێچایە وە.
ئێمە وەك بەشێكی زۆری خەڵكی كوردستان ،جگە لە پیرۆزبای گەرممان لەو سەركەوتنە گەورەیەی گەلی راپەریوی تونس و میسر ،پشتیوان لە ئیرادە و داخوازیەكانی ئەوگەلەئەكەین .چونكە ئێمەی خەڵكی كوردستانیش دوچاری هەمان قەیرانی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی هاوشێوەی میسری و تونسیەكان بوینەتەووە، گەر تەواو لێكچونێكیش نەبێت ئەوا بێشك خاڵی هاوبەشی پر لە مەینەتی و نەخۆشی سیاسی بەرۆكی ئەم دەسەڵات و حكومەتەی گرتوەتەوە.
ئەی دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان:
لەسەروبەندی ئەم گۆرانكاییەگەورانەی كە رۆژهەڵاتی ناوەراستی گرتوەتەوە، ئێمە وەك چالاكوانانی مەدەنی و خەڵكانی ئازادیخواز و خەمخۆری ئەم وڵاتە هۆشداری بەپەلە ئەدەینە ئێوەی دەسەڵاتدار و حكومرانی ئەم هەرێمە، كە هەرچی زوترە بكەونەخۆتان بۆ ئەنجامدانی چاكسازی ریشەیی لە تەواوی كایە سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتیەكاندا.وە لەماوەیەكی زۆركورتدا بەعەمەلی وەڵامی داخوازی و پرسیارە چارەنوسزازەكانی خەڵك بدەنەوە كە رۆژانە ئاراستەی دەسەڵاتی حاكم و حكومەتەكەی ئێوەی ئەكەن . ئێوە دەبێت لەمەودوا كۆتای بە هەڵخەڵەتاندن و چەواشەكردنی خەڵك بهێنن و بە بەڵێنی زارەكی خەڵك هیوا براونەكەن، ئەگەرنا كە شەپۆلی تورەی و بێزاری خەڵك هاوشێوەی تونسی و میسریەكان هەڵی كرد ئیدی هیچ هێز و پارتێك ناتوانێت خۆی لەبەری راگرێت و كار لەكار ئەترازێت. بۆیە دەپرسین و داوادەكەین كە ئەگەر هەرپارت و لایەنێك خەمی لەدەستچونی ئەم دەسەڵاتە خودموختاریە و لە خەمی كوردوكوردستاندایە دەبێت هەرچی زوترە گۆرانكاری ریشەیی لەولاتدا بكات و وەڵامی داخوازیەكان خەڵك بداتەوە.
ئەی پارت و بزوتنەوە سیاسیەكانی كوردستان:
خەڵكی كوردستان داوادەكات كە بەهۆی ململانێی حیزبایەتی و سیاسیانەی خۆتانەوە ، هاوشێوەی رابوردوو خەڵك نەكەنە قوربانی دووبارە كوردستان نەكەنەوە مەیدانی شەر و كوشتار . وە داوادەكەین كە بە ململانێی مەدەنی و دیموكراتیانە هەوڵی ئالوگۆری دەسەڵات و بەدیهێنانی ئامانجەكانتان بدەن. بۆیە ئێمە وەك چالاكوانانی مەدەنی  و خەڵكانی ئازادیخواز پێتان را ئەگەیەنین كە چیتر خەڵك لێتان قبوڵناكات تا دووبارە كوردستان  بكەنە مەیدانی جەنگ .وە لەئەگەری رودانی هەر  توندوتیژیەك ئێوەی دەسەڵاتدار و حیزب و بزوتنەوە سیاسیەكان  بەرپرسیاریەتی راستەقینەی تاوان و روداوە خوێناویەكان لە ئەستۆی ئێوەدا ئەبێت.خەڵكی كوردستان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چیتر لێتان خۆشنابین .ئاشكراشە كە بە داوای لێبوردنكردن برینەكانی خەڵكی بەشمەینەت سارێژنابێت . بۆیە هیوادارین وە داواكارین كە بە شێوازی ناتوندو تیژی خەباتی سیاسی ومەدەنی خۆتان بەردەوامی پێبدەن . وە كۆتای بە هەرەشە و زمانزبری خۆتان و میدیاكانتان بهێنن .
هاوڵاتیانی بەرێز:
ئێمە وەك تۆری بەرگری لە ماف و ئازادیەكانی خەڵك و چالاكوانان مەدەنی و خەڵكانی ئازادیخواز بەهۆی سەركەوتنی ئیرادەی تونسی و میسریەكان بەسەر دیكتاتورەكانیاندا ، وە بۆ هۆشداری دان و بەخەبەرهێنانەوەی دەسەڵاتداران لە هەڵكردنی رەشەبای تورەی خەڵك لە سەر هەمان قەیران كە بەرۆكی خەڵكی كوردستانی گرتوە ، وە بۆ نەفرەت كردن لە جەنگ و ئەگەری دوبارە دەستپێكردنەوەی شەری ناوخۆ لە ئەنجامی  ململانێی حیزبەسیاسیەكانی كوردستان، رۆژی 5 شەممە كاتژمێر 2 ی پاشنیوەرۆ، بەرواری 17-2-2011  لەبەردەركی سەرای شاری سلێمانی ، كۆبونەوەیەكی جەماوەری مەدەنی بۆ راگۆرینەوە و فشارخستنە سەر دەسەڵات وسەرجەم پارتە سیاسیەكان سازئەدەین. بەهیوای بەشداری مەدەنیانە و دوور لەتوندو تیژی هەموولایەكتان لە پێناو گەیاندنی ئامانجەكانمان بەدەسەڵات.
تۆری بەرگری لە ماف و ئازادییەكانی خەڵك /سلێمانی
14-2-2011  

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق